بە پێی ڕاپۆرتی ژنانی به ئاگا( زنان بیدار) ، بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەنسینت ئۆریجینز، لە ساڵی ٢٠١١ گۆڕی کچێکی مەسیحی تەمەن ١٦ ساڵ لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەم لە گوندێکی بەریتانیا دۆزرایەوە. ئەو شتەی کە دۆزینەوەی ئەم گۆڕە ئەنگلۆساکسۆنەی تایبەت کرد، ئەو کۆمەڵە شێوازە تایبەتە بوو کە بۆ ناشتنی ئەم کچە بەکارهێنرا. تەرمی کچەکە بە جێگا و خاچێکی سەرسوڕهێنەری زێڕ و زیوەوە نێژراوە، کە لە ڕاستیدا شوێنەوارێکی مەسیحییە و بەهایەکی مێژوویی گەورەی هەیە.
ئێستا شوێنەوارناسان سەرکەوتوو بوون لە بنیاتنانەوەی ڕووخساری ئەم کچە هەرزەکارە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بە پشکنینی کەللەسەری. هەروەها مۆزەخانەی شوێنەوار و ئەنترۆپۆلۆژیی کامبریج وەک بەشێک لە نوێترین پێشانگای مۆزەخانەکە، ئاوەدانکردنەوەی ڕووخساری ئەم کچە نمایش دەکات.
پێشانگاکە بە ناوی "لە ژێر پێمان: شوێنەوارناسی ناوچەی کامبریج" لە ٢١ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تا ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت و جگە لە ڕووخساری دووبارە بنیاتنانەوەی ئەم کچە، ئەو شتە مێژووییانەی کە لە گۆڕەکەیدا دۆزراونەتەوە، هەروەها نیشاندان.
بنیاتنانەوەی دەموچاوی ئەم کچە بە پێوانەکردنی ڕەهەندە جیاوازەکانی کەللەسەر و بەکارهێنانی زانیارییە بەردەستەکان سەبارەت بە ژنانی هەمان ڕەگەزەکەی ئەنجامدراوە. نەبوونی زانیاری لەسەر دی ئێن ئەی ئەم کەسە وایکرد شارەزایان نەتوانن ڕەنگی وردی قژ و چاوەکانی دەستنیشان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وێنەیەی پێشکەش کراوە تاڕادەیەکی زۆر ڕوخساری کچەکەی پێش مردنی ئاشکرا کردووە.
لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر پاشماوە نێژراوەکان دەرکەوت کە ئەم کەسە لە ناوچەیەکی نزیک لە بەرزاییەکانی ئەلب و لەوانەیە باشووری ئەڵمانیاوە کۆچی کردووە بۆ ئینگلتەرا. دوای گەیشتنی بە ئینگلتەرا پرۆتینی ناو خۆراکی کەمی کرد، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە درەنگانی تەمەنیدا ڕوویدا. لەسەر بنەمای ئەمەش شوێنەوارناسان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ماوەی نێوان کۆچکردنی بۆ کامبریج و مردنی زۆر کورتە.
ئەو جێگایەی لەگەڵیدا نێژراوە، یەکێکە لەو ١٨ قەرەوێڵەی هاوشێوەی تا ئێستا لە بەریتانیا دۆزراونەتەوە. هەروەها خاچە زێڕینەکەی یەکێکە لەو ٥ خاچە هاوشێوەیەی لە بەریتانیا دۆزرایەوە. بەهۆی بوونی ئەم خاچەوە لەگەڵ کچەکەدا، دەتوانرێت وەک یەکێک لە یەکەم مەسیحییەکانی ئینگلتەرا هەژمار بکرێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەرستۆکراسی و پاشایەتی.
کۆمێنتێک پۆست بکە